کۆمه‌ڵێك ئادابی شه‌رعی(ئادابی یه‌که‌م) ئادابه‌كانى خواردن و خواردنه‌وه‌

کۆمه‌ڵێك ئادابی شه‌رعی(ئادابی یه‌که‌م) ئادابه‌كانى خواردن و خواردنه‌وه‌

1- ووتنى (بسم الله) وه‌ نابێت هيچ ووشه‌يه‌ك له‌سه‌ر ووشه‌ى (بسم الله) زياد بكرێت، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ته‌نها فه‌رموويه‌تى (بسم الله) وه‌ ئوممه‌ته‌كه‌شى به‌م شێوه‌يه‌ فێر كردووه‌، كه‌واته‌ نابێت بڵێيت (بسم الله الرحمن الرحيم) ووشه‌ى (الرحمن الرحيم) له‌كاتى خواردن و خواردنه‌وه‌ زياد بكه‌ين، چونكه‌ ده‌بێت به‌ داهێنان و وتنى شتێكى زياد له‌ ديندا، وه‌ داهێنانى شتى زياد له‌ ديندا بيدعه‌يه‌ و دروست نيه‌ .

2- هه‌ر كه‌سێك له‌ كاتى نان خواردن ووتنى (بسم الله)ى له‌بير چوو، پاشان بيرى هاته‌وه‌ ئه‌وه‌ بۆى هه‌يه‌ بڵێت (بسم الله في أَوَّلِهِ وآخِرِهِ).

3- خواردن و خواردنه‌وه‌ به‌ ده‌ستى ڕاست، پێغه‌مبه‌رى خودا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ده‌فه‌رمووێت:(إِذَا أَكَلَ أَحَدُكُمْ فَلْيَأْكُلْ بِيَمِينِهِ ، وَلْيَشْرَبْ بِيَمِينِهِ ، فَإِنَّ الشَّيْطَانَ يَأْكُلُ بِشِمَالِهِ ، وَيَشْرَبُ بِشِمَالِهِ). رواه مسلم (2020). واته‌: (ئه‌گه‌ر يه‌كێك له‌ ئێوه‌ ، خواردنى خوارد ئه‌وا با به‌ده‌ستى ڕاستى بخوات ، وه‌ ئه‌گه‌ر خواردنه‌وه‌يه‌كى خوارده‌وه‌ ئه‌وا با به‌ده‌ستى ڕاستى بخواته‌وه‌ ، چونكه‌ شه‌يتان به‌ ده‌ستى چه‌پى ده‌خوات و ده‌خواته‌وه‌) .

4- ئه‌و كه‌سه‌ى شتێك ده‌خوات ده‌بێت له‌ لايه‌كى سينيه‌كه‌ يان قاپه‌كه‌ له‌ به‌رده‌م خۆى بخوات و ده‌ست درێژى بۆ به‌رده‌م غه‌يرى خۆى نه‌كات ، ئيلا ئه‌گه‌ر خواردنه‌كه‌ جۆراو جۆر بوو ئه‌وا دروسته‌ ده‌ست بۆ هه‌ر لايه‌كى سينيه‌كه‌ درێژ بكات، وه‌كو ميوه‌جات، يان هه‌ر خۆراكێكى تر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خواردنه‌كه‌ يه‌ك جۆر بوو ئه‌وا دروست نيه‌ ، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رموويه‌تى: (كُلْ مِمَّا يَلِيكَ). متفق عليه. واته‌: (له‌به‌رده‌م خۆت بخۆ).

5- نه‌خواردن له‌ سه‌روو ناوه‌ڕاستى خواردنه‌كه‌ ، چونكه‌ به‌ره‌كه‌تى به‌سه‌ر دا ده‌ڕژێت ، بۆيه‌ پێويسته‌ خواردن له‌ لێواره‌كانى بخورێت.

6- نه‌خواردن به‌ پاڵ دانه‌وه‌ (پاڵكه‌وتن) چونكه‌  پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رموويه‌تى: ( لَا آكُلُ مُتَّكِئًا). رواه البخاري (53988). واته‌: (هيچ شتێك به‌ پاڵ دانه‌وه‌ ناخۆم).

7- ڕه‌خنه‌ نه‌گرتن له‌ خواردن ، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) هه‌رگيز ڕه‌خنه‌ى له‌ خواردن نه‌گرتووه‌ ، ئه‌گه‌ر حه‌زيشى لێ نه‌بوايه‌.

8- زگ پڕ نه‌كردن، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) زگ پڕكردنى به‌ شتێكى خراپى وه‌سف كردووه‌و فه‌رموويه‌تى ئه‌وه‌نده‌ بخۆن تا پشتان پێ ڕاده‌وه‌ستێت، ئه‌گه‌ر نا زگتان بكه‌ن به‌ سێ به‌ش، به‌شێكى بۆ خۆراك، وه‌ به‌شێكى بۆ خواردنه‌وه‌، وه‌ به‌شێكى بۆ هه‌ناسه‌دانه‌وه‌ .

9- فوو نه‌كردن له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌، چوونكه‌ پێغه‌مبه‌رى خودا(صلی الله‌ علیه‌ وسلم) نه‌هى لێكردووه‌. بۆ ده‌قى فه‌رمووده‌كه‌ بگه‌ڕێوه‌ سه‌ر (صحيح الجامع ج2 ص1163).

10- هه‌ڵگرتنه‌وه‌و خواردنى ئه‌م خۆراكه‌ى له‌ده‌ست ئه‌كه‌وێته‌ خواره‌وه‌ له‌ كاتى خواردندا ، چونكه‌ پێغه‌مبه‌رى خودا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رموويه‌تى: ئه‌گه‌ر خواردن له‌ ده‌ستى يه‌كێك له‌ ئێوه‌ بكه‌وێته‌ خواره‌وه‌ ئه‌وه‌ با هه‌ڵيبگرێته‌وه‌و ئه‌گه‌ر پيس بوبێت با پاكى بكاته‌وه‌و پاشان بيخوات و وازى لێ نه‌هێنێت بۆ شه‌يتان. بۆ ده‌قى فه‌رمووده‌كه‌ بگه‌ڕێوه‌ سه‌ر (صحيح مسلم: (2033).

11- لێستنه‌وه‌ى په‌نجه‌كان و قاپى خواردن له‌ دواى ته‌واو بوونى خواردن ، چونكه‌ پێغه‌مبه‌رى خودا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) فه‌رموويه‌تى كۆتايى خواردن به‌ره‌كه‌تى تيايه‌ بۆ ده‌قى فه‌رمووده‌كه‌ بگه‌ڕێوه‌ سه‌ر (سلسلة الأحاديث الصحيحة: ج1 ص743).

12- كۆبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر خواردن و جيانه‌بوونه‌وه‌ له‌ يه‌كترى ، چونكه‌ جيابوونه‌وه‌ له‌كاتى خواردن دا هۆكارێكه‌ بۆ تێر نه‌بوون.

13- چاوه‌ڕوان كردن و نه‌خواردنى خواردنى گه‌رم تاوه‌كو هه‌ڵم و گه‌رمايه‌كه‌ى نامێنێت.

14- قسه‌كردن له‌كاتى خواردندا چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر(صلی الله‌ علیه‌ وسلم)له‌ كاتى خواردندا قسه‌ى كردووه‌.

15- خواردن و خواردنه‌وه‌ به‌ دانيشتن، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) خواردن و خواردنه‌وه‌ى هه‌رده‌م به‌ دانيشتنه‌وه‌ بووه‌ ته‌نها جارێكيان نه‌بێت ئاوى زه‌م زه‌مى به‌ پێوه‌ خواردۆته‌وه‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ تاوه‌كو ئومه‌ته‌كه‌ى بزانن ئه‌گه‌ر هه‌ندێك جار له‌كاتى پێويست به‌ پێوه‌ بخۆنه‌وه‌ دروسته‌ و حه‌ڕام نيه‌، به‌ڵام ده‌بێت له‌كاتى پێويست بێت.

16- شوشتنى هه‌ردوو ده‌ست له‌ پێش و دواى خواردندا، عائيشه‌ى دايكى باوه‌ڕ داران ڕه‌زاو ڕه‌حمه‌تى خوداى گه‌وره‌ى لێبێت فه‌رموويه‌تى: (وَإِذا أَرَادَ أَن يَأْكُل غسل يَدَيْهِ ). أخرجه النسائي وصححه الألباني. واته‌: (هه‌ر كاتێك پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) پێويست بايه‌ خواردنێك بخوات هه‌ردوو ده‌ستى ده‌شوشت) .

17- ئه‌گه‌ر له‌ كاتى ئاماده‌ بوونى خواردندا قامه‌ت كرا بۆ نوێژ ئه‌وا ده‌بێت خواردنه‌كه‌ پێش نوێژكردن بخرێت ، به‌ڵام به‌ چه‌ند مه‌رجێك:

1- خواردنه‌كه‌ ئاماده‌ بێت.

2- مرۆڤه‌كه‌ برسى بێت و دڵى زۆر بۆ خواردنه‌كه‌ بچێت.

3- خواردنه‌كه‌ گه‌رم نه‌بێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر گه‌رم بێت پێويست به‌ چاوه‌ڕوان كردنى سارد بوونه‌وه‌ى ناكات و ده‌بێت نوێژه‌كه‌ى بكات.

18- ئه‌گه‌ر له‌ كاتى ئاماده‌بوونى خواردنێكدا كه‌سانى خاوه‌ن ته‌مه‌ن يان ئه‌هلى عيلم ئاماده‌بوون ، ئه‌وه‌ نابێت پێش ئه‌هلى عيلمه‌كه‌ يان به‌ ساڵا چووه‌كه‌ ده‌ست پێش خه‌رى خواردن بكرێت، چونكه‌ حذيفه‌ ڕه‌زاى خوداى گه‌وره‌ى لێبێت ده‌فه‌رموێت ئێمه‌ هه‌ركاتێك له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ر باين (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) له‌كاتى خواردندا، ئه‌وه‌ هيچ يه‌كێك له‌ ئێمه‌ ده‌ست پێشخه‌ر نه‌ ده‌بووين له‌ خواردنه‌كه‌ دا تاوه‌كو پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ده‌ستى پێ ده‌كرد.

19- سوپاس كردنى خوداى په‌روه‌ردگار له‌ دواى ته‌واو بوونى خواردن يان خواردنه‌وه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ده‌فه‌رمووێت: (إِنَّ اللَّهَ لَيَرْضَى عَنِ الْعَبْدِ أَنْ يَأْكُلَ الْأَكْلَةَ فَيَحْمَدَهُ عَلَيْهَا، أَوْ يَشْرَبَ الشَّرْبَةَ فَيَحْمَدَهُ عَلَيْهَا). أخرجه مسلم. واته‌: (خوداى په‌روه‌ردگار له‌و به‌نده‌يه‌ى ڕازى ده‌بێت كاتێك خواردنێك ده‌خوات و پاشان سوپاسى خوداى له‌سه‌ر ده‌كات يان ئاوێك بخواته‌وه‌و پاشان سوپاسى خوداى له‌سه‌ر بكات).

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين وصلى الله على نبينا محمد وآله وصحبه وسلم

ئاماده‌کردنی:مامۆستا هه‌ڵگۆردمصطفی گه‌ڵاڵی

زنجیره‌ بڵاوکراوه‌ی په‌رتوکخانه‌ی دێرین له‌سۆران