گه‌وره‌یی وپاداشتی یادی خوای په‌روه‌ردگار

گه‌وره‌یی وپاداشتی یادی  خوای  په‌روه‌ردگار

بسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحيمِ

إِنَّ الْحَمْدَ لِلَّهِ نَحْمَدُهُ وَنَسْتَعِينُهُ وَنَسْتَغْفِرُهُ وَنَعُوذُ بِاللَّهِ مِنْ شُرُورِ أَنْفُسِنَا وَسَيِّئَاتِ أَعْمَالِنَا مَنْ يَهْدِهِ اللَّهُ فَلاَ مُضِلَّ لَهُ وَمَنْ يُضْلِلْ فَلاَ هَادِىَ لَهُ وَأَشْهَدُ أَنْ لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ وَحْدَهُ لاَ شَرِيكَ لَهُ وَأَشْهَدُ أَنَّ مُحَمَّداً عَبْدُهُ وَرَسُولُهُ. أَمَّا بَعْدُ ...

باوه‌ڕدارى خۆشه‌ويست: ياد كردنى خواى په‌روه‌ردگار بريتييه‌ له‌ ده‌ربڕين و خوێندنى ئه‌و وێردو نزاو زيكرانه‌ى كه‌ له‌ پێغه‌مبه‌رى خواوه‌( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) بۆ مان ماوه‌ته‌وه‌، وه‌ به‌شێوه‌يه‌ك كه‌ خواى په‌روه‌ردگارو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ى( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ڕێيان پێداوه‌و له‌سه‌رى ڕازين، ئه‌ويش به‌گه‌وره‌ زانين و پاك ڕاگرتن و ستايش كردنى په‌روه‌ردگار، وه‌ به‌دڵنيايى به‌هۆى يادكردنى په‌روه‌ردگاره‌وه‌ مرۆڤى باوه‌ڕدار له‌دونيادا له‌ شه‌يتان و خراپه‌كارى ده‌پارێزرێت، وه‌ پاداشتيش ده‌درێته‌وه‌ له‌ دواڕۆژدا، يادكردنى خواى په‌روه‌ردگار فه‌زڵ و پاداشتى زۆرى له‌سه‌ره‌، به‌ پشتيوانى خواى په‌روه‌ردگار هه‌ندێك له‌و پاداشتانه‌ باس ده‌كه‌ين كه‌ به‌هۆى يادكردنى په‌روه‌ردگاره‌وه‌ ده‌ستمان ده‌كه‌وێت، له‌وانه‌:

يه‌كه‌م: جێ به‌جێكردنى فه‌رمانى په‌روه‌ردگاره‌.

خواى په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێت: ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا اذْكُرُوا اللَّهَ ذِكْرًا كَثِيرًا )  [الأحزاب 41]  واته‌: ئه‌ى ئه‌وانه‌ى كه‌ باوه‌ڕتان هێناوه‌ زۆر يادى په‌روه‌ردگار بكه‌ن، هه‌ميشه‌ ناوى پيرۆزى ئه‌وتان له‌ ياد بێت به‌دڵ و زوبانتان، به‌وتنى (سُبْحَانَ اللَّهِ، الْحَمْدُ لِلَّهِ، لاَ إِلَهَ إِلاَّ الله، اللَّهُ أَكْبَرُ) واته‌: پاكی و بێگه‌ردى بۆ په‌روه‌ردگار، وه‌ هيچ په‌رستراوێك نييه‌ به‌حه‌ق شايسته‌ى په‌رستن بێت، جگه‌له‌ (اللە) كه‌ په‌روه‌ردگارى هه‌موو جيهانه‌، وه‌ په‌روه‌ردگار گه‌وره‌يه‌.

دووه‌م: يادكردنى په‌روه‌ردگار پاداشتى بێ سنوورى هه‌يه‌.

خواى په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێت:(  وَالذَّاكِرِينَ اللَّهَ كَثِيرًا وَالذَّاكِرَاتِ أَعَدَّ اللَّهُ لَهُمْ مَغْفِرَةً وَأَجْرًا عَظِيمًا ) [الأحزاب ]. واته‌: ئه‌و پياوو ئافره‌تانه‌ى كه‌ زۆر يادى په‌روه‌ردگار ده‌كه‌ن و هه‌ميشه‌ خواى په‌روه‌ردگاريان له‌ ياده‌، بۆ ئه‌وان به‌خشين و لێ بوورده‌يی و پاداشتى زۆر گه‌وره‌و بێ سنووريان له‌لاى خواى په‌روه‌ردگار بۆ ئاماده‌كراوه‌.

سێ يه‌م: گه‌وره‌ترين هۆكاره‌ بۆ سه‌ر فرازى.

خواى په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێت: (وَاذْكُرُوا اللَّهَ كَثِيرًا لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ ) [الجمعة :10] . واته‌: يادى په‌روه‌ردگار زۆر بكه‌ن له‌ هه‌موو كاتێكدا، بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ر فرازى دونياو دواڕۆژ به‌ ده‌ست بهێنن. 

چواره‌م:هه‌ر كه‌سێك يادى په‌روه‌ردگار بكات په‌روه‌ردگار له‌لاى مه‌لائيكه‌ته‌كان باس و مه‌دحى ده‌كات.

خواى په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێت: ( فَاذْكُرُونِى أَذْكُرْكُمْ وَاشْكُرُوا لِى وَلَا تَكْفُرُونِ ) [ البقرة: ١٥٢] . واته‌: ئه‌ى باوه‌ڕداران يادم بكه‌ن، يادتان ده‌كه‌م و باس و مه‌دحتان ده‌كه‌م له‌لاى مه‌لائيكه‌ته‌كان، وه‌ سوپاسم بكه‌ن و سپڵه‌ مه‌بن و بێ باوه‌ڕى مه‌كه‌ن.

 پێنجه‌م: گه‌وره‌ترين هۆكاره‌ بۆ ڕزگار بوون له‌ سزاى خواى په‌روه‌ردگار.

پێغه‌مبه‌رى خوا( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رموويه‌تى: (مَا عَمِلَ آدَمِى عَمَلاً أَنْجَى لَهُ مِنْ عَذَابِ اللَّهِ مِنْ ذِكْرِ اللَّهِ) . صَحِيح الْجَامِع للشَّيْخ الأَلْبَانى (5644) . واته‌: هيچ كرده‌وه‌يه‌ك نييه‌ كه‌ ئاده‌ميزاد ئه‌نجامى دابێت و ڕزگارى بكات له‌ سزاى په‌روه‌ردگار، وه‌ك زيكرو يادى خواى په‌روه‌ردگار.

شه‌شه‌م: هۆكاره‌ بۆ گيرابوونى دوعاو پاڕانه‌وه‌.

پێغه‌مبه‌رى خوا( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رموويه‌تى: ( ثَلاثَةٌ لا يَردُّ اللهُ دُعَاءَهُمْ : الذَّاكر الله كَثِيراً، وَدَعْوَةُ الْمَظْلُومِ، وَالإِمَامُ الْمُقْسِط ) صَحِيح الْجَامِع للشَّيْخ الأَلْبَانى (3064) . واته‌: سێ جۆر له‌خه‌ڵكى دوعاو پاڕانه‌وه‌يان ناگێڕدرێته‌وه‌و قه‌بوڵ ده‌بێت، (ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌كانى تێدابێت) ئه‌وانه‌نيش: كه‌سانێك كه‌ زۆر يادى په‌روه‌ردگار ده‌كه‌ن به‌ دڵ و زوبان و لاشه‌، وه‌ پاڕانه‌وه‌ى سته‌م لێكراو، وه‌ پێشه‌وايه‌كى داد په‌روه‌ر .

حه‌وته‌م: هۆكاره‌ بۆ ئارام بوونى دڵ و ده‌روون و دابه‌زينى ڕه‌حمه‌تى په‌روه‌ردگار .

پێغه‌مبه‌رى خوا( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رموويه‌تى: ( لاَ يَقْعُدُ قَوْمٌ يَذْكُرُونَ اللَّهَ عَزَّ وَجَلَّ إِلاَّ حَفَّتْهُمُ الْمَلاَئِكَةُ وَغَشِيَتْهُمُ الرَّحْمَةُ وَنَزَلَتْ عَلَيْهِمُ السَّكِينَةُ وَذَكَرَهُمُ اللَّهُ فِيمَنْ عِنْدَهُ ) رَواهُ مُسْلِم (7030) . واته‌: هيچ كۆمه‌ڵێك نييه‌ كه‌ دابنيشن و يادى په‌روه‌ردگار بكه‌ن، ئه‌وا مه‌لائيكه‌ته‌كان چوار ده‌وريان ده‌گرن و به‌ به‌زه‌يی و ڕه‌حمه‌ت و ئارامى دايان ده‌پۆشن، وه‌ خواى په‌روه‌ردگاريش مه‌دحيان ده‌كات و باسيان ده‌كات له‌لاى مه‌لائيكه‌ته‌كان.

هه‌شته‌م: خێرترين كرده‌وه‌يه‌و پله‌ش به‌رزده‌كاته‌وه‌ .

پێغه‌مبه‌رى خوا( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رموويه‌تى: (أَلاَ أُنَبِّئُكُمْ بِخَيْرِ أَعْمَالِكُمْ وَأَزْكَاهَا عِنْدَ مَلِيكِكُمْ وَأَرْفَعِهَا فِى دَرَجَاتِكُمْ وَخَيْر لَكُمْ مِنْ إِنفَاق الذَّهَبِ وَالْوَرِقِ وَخَيْر لَكُمْ مِنْ أَنْ تَلْقَوْا عَدُوَّكُمْ فَتَضْرِبُوا أَعْنَاقَهُمْ وَيَضْرِبُوا أَعْنَاقَكُمْ، قَالُوا بَلَي، قَالَ « ذِكْرُ اللَّهِ » صَحِيح الْجَامِع للشَّيْخ الأَلْبَانى (2629) . واته‌: ئايا هه‌واڵتان بده‌مێ به‌ چاكترينى كرده‌وه‌كانتان، وه‌ پاكترينيان له‌لاى خواى په‌روه‌ردگارتان، وه‌ به‌رزترينيان له‌ له‌ پله‌تاندا، وه‌ چاكتر له‌ به‌خشينى ئاڵتون و زيوو، وه‌ چاكتر له‌وه‌ى كه‌ بگه‌ن به‌دوژمنه‌كانتان و بده‌ن له‌ گه‌ردنيان و بده‌ن له‌ گه‌ردنتان، ووتيان: به‌ڵێ، پێغه‌مبه‌رى خوا( صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) فه‌رمووى: يادكردنى خواى په‌روه‌ردگار.

له‌كۆتاييدا ئه‌مه‌ گوڵبژێرێك بوو له‌ فه‌زڵ و گه‌وره‌يی و پاداشتى يادكردنى خواى په‌روه‌ردگار.

هاوه‌ڵى خۆشه‌ويست عه‌بدوڵڵاى كوڕى بوسر ( ڕه‌زای خوای لێبێت )  ده‌فه‌رمووێت: پياوێك ووتى: ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا( صلی الله‌ علیه‌ وسلم )سوننه‌ت و كاره‌ خێره‌كانى ئيسلام زۆرن و كۆ بوونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌رم، شتێكم فێربكه‌ كه‌ ده‌ستى پێوه‌ بگرم و بتوانم به‌رده‌وام بم له‌سه‌ری ، ئه‌ويش فه‌رمووى: ( لاَ يَزَالُ لِسَانُكَ رَطْبًا مِنْ ذِكْرِ اللَّهِ ) صَحِيح الْجَامِع (7700) . واته‌: با به‌رده‌وام (هه‌ميشه‌) زمانت پاراوو ته‌ڕبێت به‌ يادى خواى گه‌وره‌.

وَآخِرُ دَعْوانا أَنِ الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ

وَ الصَّلاة وَالسَّلامُ عَلَى نَبِيّنَا مُحَمَّد وَعَلَى آلهِ وَصَحْبهِ  أَجمَعين.

ئاماده‌کردنی مامۆستا . أبُوبَكْر أحمَـد