كاریگه‌ری قورئان خوێندنه‌وه‌ له‌سه‌ر دڵ

كاریگه‌ری قوڕئان خوێندنه‌وه‌ له‌سه‌ر دڵ

ده‌گێڕنه‌وه‌ پیاوێك هه‌بوو قورئانی زۆر ده‌خوێنده‌وه‌ به‌لام هیچی  له‌به‌ر نه‌ده‌كرد .

كوڕه‌ بچوكه‌كه‌ی پرسیاری لێ كردو وتی ئه‌ی باوكه‌ : ئایه‌ چ سودێك هه‌یه‌ قورئان بخوێنیته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی له‌به‌ری بكه‌ی  ؟!

باوكی پێی فه‌رموو : كوڕه‌كه‌م ئێستا پێت ده‌ڵێم خوێندنه‌وه‌ی قورئان چ سودێكی هه‌یه‌ ئه‌گه‌رچی له‌به‌ریشی نه‌كه‌ی .

ئایه‌ ئه‌و سه‌به‌ته‌یه‌ ده‌بینی ؟ كوڕه‌كه‌ی پێی فه‌رموو : به‌ڵێ باوكه‌ گیان  .

فه‌رمووی كوڕه‌كه‌م :  ئه‌م سه‌به‌ته‌یه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بگره‌ و بڕۆ لم به‌حره‌ پڕئاوی بكه‌ ؟

كوره‌كه‌ له‌قسه‌ی باوكی سه‌ری سوڕما و وتی هه‌رگیز ئه‌م سه‌به‌ته‌ كون كونه‌ پرئاو نابێت و ئاو له‌خۆ ناگرێت !

باوكی پێی وت : برۆ تاقی بكه‌وه‌ بزانه‌ چۆن ده‌بێت ؟

ئه‌م سه‌به‌ته‌یه‌ له‌پێشدا بۆ گواستنه‌وه‌ی خه‌ڵوز به‌كارهاتبوو و ڕه‌نگی ڕه‌ش ببوو .... منداڵه‌كه‌ سه‌به‌ته‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ گرت و به‌ره‌و به‌حر به‌ڕێ كه‌وت و هه‌وڵیدا پرئاوی بكات و خێرا به‌ره‌و باوكی به‌ڕێ كه‌وت ! به‌ڵام راسته‌وخۆ ئاوه‌كه‌ له‌كونه‌كانی ده‌هاته‌ده‌ره‌وه‌ و گشتی ده‌رژاو به‌تاڵ ده‌بوو !

بۆیه‌ كوڕه‌كه‌ ئه‌ی وت ئه‌ی باوكه‌ ئه‌ی نه‌موت پركردنی ئه‌م سه‌به‌ته‌یه‌ له‌ئاو شتێكی ئه‌سته‌مه‌ ؟!

باوكه‌كه ‌به‌كوڕه‌كه‌ی  وت : جارێكی تر تاقی بكه‌وه‌ هه‌تا سه‌ركه‌وتوو ده‌بی ؟

كوره‌كه‌ جارێكی تر چوو سه‌به‌ته‌كه‌ی پڕكرده‌وه‌ له‌ئاو به‌ڵام ئاوه‌كه‌ گشتی له‌ سه‌به‌ته‌كه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌تاڵ بوو !

چه‌ندین جار ئه‌م كاره‌ی دووباره‌ كرده‌وه‌ به‌ڵام هه‌ر سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو .

كوڕه‌كه‌ ماندوو بوو به‌باوكی وت ئه‌ی باوكه‌ : ئه‌م سه‌به‌ته‌یه‌ پرئاو نابێت و ئاو له‌خۆی ناگرێت و ئه‌مه‌ شتێكی ئه‌سته‌مه‌ ؟

باوكه‌كه‌ به‌كوڕه‌كه‌ی وت ئه‌ی كوڕه‌كه‌م : ئایه‌ هیچ شتێكت به‌سه‌به‌ته‌كه‌وه‌ بینی له‌سه‌ره‌تا ؟

كوڕه‌كه‌ وتی به‌ڵێ له‌سه‌ره‌تا پیس بوو و به‌ ره‌نگی خه‌لوز گشتی ڕه‌ش ببو به‌ڵام ئیستا ته‌واو پاك بۆته‌وه‌ و ره‌نگی ره‌شی پێوه‌ نه‌ماوه‌ .

ئینجا باوكه‌كه‌ خه‌نده‌یه‌كی كردوو وتی : ئه‌ی كوڕه‌كه‌م خوێندنه‌وه‌ی قورئان ئاوا به‌دڵ ده‌كات ئه‌گه‌ر بیخوێنیته‌وه‌ .

دڵی مرۆڤ وه‌ك سه‌به‌ته‌كه‌ وایه‌ و پیس و ڕه‌ش ده‌بێت به‌گوناه و تاوان ؛ وه‌ قورئان وه‌ك ئاوی ده‌ریا وایه دڵ‌ پاك و خاوێن  ده‌كاته‌وه‌ له‌گوناه و تاوان ؛ هه‌تا ئه‌گه‌رچی نه‌شتوانی له‌به‌ری بكه‌ی ؛ بۆیه‌ له‌به‌رنه‌كردنی قورئان نه‌بێته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی واز له‌قورئان خوێندنه‌وه‌ بێنی بۆ ئه‌وه‌ی دڵت پڕ له‌خه‌فه‌ت و تاوان نه‌بێت ؛ بۆیه‌ به‌رده‌وام قورئان بخوێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌فه‌ت و دڵته‌نگی له‌ناو دڵ و ده‌روونتدا نه‌مێنێت .

و صلی الله علی نبینا محمد وعلی ئاله وصحبه وسلم .

وه‌رگێر : مامۆستا هه‌ڵگورد گه‌ڵاڵه‌یی .

15 / 11 / 2020