ئه‌وترێت بۆچی خوا رزق و رۆزی به‌دادپه‌روه‌ری له‌نێوان خه‌ڵك دابه‌ش نه‌كردووه‌ ؟!

ئه‌وترێت بۆچی خوا رزق و رۆزی به‌دادپه‌روه‌ری له‌نێوان خه‌ڵك دابه‌ش نه‌كردووه‌ ؟!

 

وه‌ڵام :

یه‌كه‌میان : له‌سه‌ر هه‌موو باوه‌ڕدارێك پێویسته‌ بزانێت كه‌ خوای په‌روه‌ردگار پاك و بێگه‌رده‌ له‌ سته‌م كردن ؛ خوای په‌روه‌ردگار هیچ سته‌مێك له‌ دروستكراوه‌كانی ناكات .

سته‌م بریتیه‌ له‌ سه‌ندنی ئه‌وشتانه‌ی موڵكی به‌نده‌یه‌ و خۆی به‌ده‌ستی هێناوه‌ .

یان سته‌م بریتیه‌ له‌ سزادانی به‌نده‌ به‌بێ گوناه و به‌بێ هۆكار .

یان چاكه‌كانی به‌فیرۆ بدات .

یان به‌رامبه‌ر به‌ چاكه‌كانی تووشی سزای دۆزه‌خی بكات .

كه‌ بێگومان خوای په‌روه‌ردگار له‌گشت ئه‌م جۆره‌ سته‌مانه‌‌ پاك و بێ گه‌رده‌ و دووره‌ له‌هه‌موو جۆره‌ سته‌مێك .

په‌روه‌ردگارمان فه‌رموویه‌تی : ( إِنَّ اللَّهَ لَا يَظْلِمُ مِثْقَالَ ذَرَّةٍ ۖ  ) . النساء : 40 .

 واته‌ :  به‌ڕاستی خوا به‌قه‌ده‌ر تۆزقاڵێک سته‌م (له‌ ئاده‌میزاد) ناکات .

 

وه‌ له‌فه‌رمووده‌ی قودسیدا فه‌رموویه‌تی : ( يا عِبَادِي، إنِّي حَرَّمْتُ الظُّلْمَ علَى نَفْسِي، وَجَعَلْتُهُ بيْنَكُمْ مُحَرَّمًا، فلا تَظَالَمُوا ) . رواه مسلم .

واته‌ : ئه‌ی به‌نده‌كانم ؛ به‌ڕاستی من سته‌مم له‌سه‌ر نه‌فسی خۆم حه‌رام كردووه‌ ؛ وه‌ له‌نێوان ئێوه‌شم حه‌رام كردووه‌ ؛ جا بۆیه‌ سته‌م له‌یه‌كتری مه‌كه‌ن .

 

به‌ڕاستی زۆر سه‌یره‌ مرۆڤ نه‌فسی خۆی له‌یاد كردووه‌ وه‌ قه‌دری په‌روه‌ردگاری نازانێت ؛ وه‌ شه‌یتان گاڵته‌ به‌بیركردنه‌وه‌كانی ده‌كات وای لێ ده‌كات ره‌خنه‌ له‌و په‌روه‌ردگاره‌ی بگرێت كه‌ چه‌ندین نیعمه‌تی پێ به‌خشیوه‌ ؛ بیرناكاته‌وه‌ كه‌ بیستنی پێ به‌خشیوه‌ ؛ وه‌ بینینی پێ به‌خشیوه‌ ؛ به‌ڕاستی زۆر سه‌یره‌ بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ خوای به‌رز و بڵند به‌خشه‌ری نیعمه‌ته‌كان سته‌می لێ ده‌كات !!

دووه‌میان : له‌سه‌ر به‌نده‌ پێویسته‌ جیاوازی بكات له‌نێوان دادپه‌روه‌ری  فه‌زڵ ؛ دادپه‌روه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سته‌مت لێ نه‌كات ؛ به‌ڵام فه‌زڵ ده‌به‌خشێت به‌كه‌سێك كه‌ خۆی بیه‌وێت و كه‌سه‌كه‌ شاییسته‌بێت .

خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : (وَاللَّهُ يَخْتَصُّ بِرَحْمَتِهِ مَنْ يَشَاءُ ۚ وَاللَّهُ ذُو الْفَضْلِ الْعَظِيمِ ) . البقرة : 105 .

واته‌ خوا ره‌‌حمه‌تی خۆی تایبه‌ت ده‌كات به‌ هه‌ر كه‌سێك (بیه‌وێت و شایسته‌ بێت) هه‌ر خوایش خاوه‌نی فه‌زڵ و به‌خششی گه‌وره‌یه‌.

خوای په‌وره‌ردگار پێغه‌مبه‌ره‌كانی ناردووه‌ ؛ وه‌ په‌رتووكه‌كانی دابه‌زاندووه‌ ؛ فه‌رمان و نه‌هیه‌كانی ڕوونكردۆته‌وه‌ ؛ هه‌ركه‌سێك ویستی لێبێت به‌ئاره‌زووی خۆی ئیمان دێنێت و ده‌چێته‌ به‌هه‌شت ؛ وه‌ هه‌ركه‌سێك ویستی لێبێت بێ باوه‌ڕده‌بێت و ده‌چێته‌ دۆزه‌خ ؛ ئه‌مه‌ دادپه‌روه‌ری خوای به‌رز و بڵنده‌ .

خوای په‌روه‌ردگار فه‌زلی خۆی ده‌به‌خشێت به‌وكه‌سانه‌ی خۆی ویستی له‌سه‌ره‌ و شایه‌نیه‌تی ؛ سینه‌ی فراوان ده‌كات و یارمه‌تی ده‌دات بۆ هیدایه‌ت وه‌ جێگری ده‌كات له‌سه‌ر حه‌ق ؛ ئه‌مه‌ فه‌زڵی خوایه‌ .

خوای په‌روه‌ردگار فه‌رمانی به‌ به‌نده‌كانی كردووه‌ برۆن به‌زه‌ویدا بۆ به‌ده‌ست هێنانی رزق و رۆزی ؛ هه‌یانه‌ زۆر هه‌وڵ و تێكۆشان ده‌دات و سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و ماڵ و سامانی زۆر كۆده‌كاته‌وه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت ؛ وه‌ هه‌یانه‌ ته‌مبه‌ڵی ده‌كات و رازیه‌ به‌ هه‌ژاری و لاوازی ؛ ئه‌مه‌ش دادپه‌روه‌ری خوای په‌روه‌ردگاره‌ .

خوای په‌روه‌ردگار فه‌زلی خۆی به‌سه‌ر هه‌ندێك كه‌س داده‌بارێنێت و به‌ره‌كه‌ت ده‌خاته‌ كاروباریه‌وه‌ و ڕێنموویی ده‌كات بۆ بازرگانیه‌كی به‌قازانج یان یان كارێكی به‌رهه‌مدار ؛ ئه‌مه‌ فه‌زڵی خوایه‌ .

سێیه‌مان : له‌سه‌ر به‌نده‌ پێویسته‌ بزانێت كه‌ خوای په‌روه‌ردگار زانا و دانایه‌ پرسیاری لێناكرێت ده‌رباره‌ی كاره‌كانی ؛ نابێت بوترێت ئه‌ی خوایه‌ بۆچی مالت به‌خشیوه‌ به‌فلانه‌كه‌س نه‌تبه‌خشیوه‌ به‌فلانه‌ كه‌س ؟!

وه‌ نابێت بوترێت ئه‌ی خوایه‌ بۆچی ئه‌وكه‌ست به‌جوانی دروست كردووه‌ وه‌ ئه‌وه‌یان به‌ناشرینی ؟!

ئه‌گه‌ر خوا پرسیاری لێ بكرێت ده‌رباره‌ی كاره‌كانی ئه‌وا هیچ جیاوازیه‌ك نامێنێت له‌نێوان خوا و به‌نده‌كانیدا .

چواره‌میان : پێویسته‌ بزاندرێت كه‌ به‌خشینی خوا بۆ ئه‌وكه‌سانه‌ی پێیان ده‌به‌خشێت بۆ ڕێز و شكۆمه‌ندی و فه‌زڵ و چاكی ئه‌وكه‌سه‌ نیه‌ .

وه‌ كاتێك نابه‌خشێت به‌هه‌ندێك له‌به‌نده‌كانی مانای ئه‌وه‌نیه‌ ئه‌وجۆره‌كه‌سانه‌ كه‌سانی كه‌م و بێ نرخ و خراپن ؛ به‌ڵكو به‌هۆی حیكمه‌تێكی گه‌وره‌یه‌ خوای زانا و شاره‌زا خۆی ده‌زانێت .

به‌نده‌كان زانیاریان نیه‌ به‌هه‌موو حكمه‌ت و مه‌به‌سته‌كانی خوای په‌روه‌ردگار .

خوای په‌روه‌ردگار فه‌رموویه‌تی : ( فَأَمَّا الْإِنْسَانُ إِذَا مَا ابْتَلَاهُ رَبُّهُ فَأَكْرَمَهُ وَنَعَّمَهُ فَيَقُولُ رَبِّي أَكْرَمَنِ . وَأَمَّا إِذَا مَا ابْتَلَاهُ فَقَدَرَ عَلَيْهِ رِزْقَهُ فَيَقُولُ رَبِّي أَهَانَنِ . كَلَّا ۖ...) . الفجر : 15-17 .

واته‌ : جا کاتێک ئاده‌میزاد له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاریه‌وه‌ تاقی ده‌کرێته‌وه‌، زێزی لێ ده‌نێت و نازو نیعمه‌تی به‌سه‌ردا ده‌ڕێژێت، ده‌ڵێت: (به‌ خوا وا دیاره‌) په‌روه‌ردگارم خۆشی ده‌وێم ڕێزم هه‌یه‌ لای.

به‌ڵام کاتێک تاقی ده‌کاته‌وه‌ و ڕزق و ڕۆزی که‌می پێده‌به‌خشێت و لێی ده‌گرێته‌وه‌ ده‌ڵێت: وا دیاره‌ په‌روه‌ردگارم منی خۆش ناوێت و ڕقی لێمه‌ و ڕیسوای کردووم.

نه‌خێر ئه‌و شتانه‌، هیچی وا نیه‌، (نه‌به‌خشین مانی ڕێز و قه‌دره‌، نه‌لێگرتنه‌وه‌ مانای بێ ڕێزی و بێ قه‌درییه‌) .

 

له‌كۆتاییدا له‌سه‌ر موسڵمان پێویسته‌ بزانێت ژیانی له‌دونیادا چه‌ند ناخۆش بێت  به‌ڵام ئارام بگرێت و له‌سه‌ر ئیمان بمرێت ئه‌وا ده‌چێته‌ به‌هه‌شت .

جا كاتێك چووه‌ به‌هه‌شت ئه‌وا هه‌موو ناخۆشیه‌كانی دونیای له‌یاد ده‌چێت .

بۆیه‌ له‌سه‌ر موسڵمان پێویسته‌ له‌سه‌ر دینه‌كه‌ی جێگیر و دامه‌زراوبێت و رووبكات له‌په‌روه‌ردگاری و به‌تاك و ته‌نها بیپه‌رستێت ؛ وه‌ با‌چاوی له‌نیعمه‌ته‌ نه‌براوه‌كانی به‌هه‌شت بێت ؛ چونكه‌ به‌ڕاستی ژیانی ڕاسته‌قینه‌ ژیانی دوارۆژه‌ ؛ ژیانی دونیا ژیانێكی كورت و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌ .

وه‌رگێرانی : مامۆستا هه‌ڵگورد مسته‌فا گه‌ڵاڵه‌یی .

22/7/2023